شاعیر: پیرەمێرد
کتێب: پەندەکانی پیرەمێرد
سەرناو: کاولەکەی وەتەن هێندە شیرینە
لەبارەی شیعر: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٥٥. - له‌ ژماره‌ی ٣٣١ تا ٣٥٤ په‌ند بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌.

کاولەکەی وەتەن هێندە شیرینە
ژاری دوو‌پشکی عەربەت هەنگوینە

ئاو مەند بێ و پیاو مۆن، لێیان بترسە
ڵچ‌شۆڕ پەریش بێ، هەر ئێسکی قورسە

شەیتان پەلەی کرد بۆیە زەلیلە
ڕاوەستە و حەڵوا بێ لە بەرسیلە

کاربەدەست، دەستیان لە دەست هەڵبڕی
کاتێکت زانی خوا نانی بڕی

کە خۆت خودبین و بۆ خەڵک بەدبین بی
نابێ لە دوایی ڕۆژت ئەمین بی

دۆستت ئەوەتە کە ئەتگرێنێ
دوژمن ئەوەتە پێت پێ‌ئەکەنێ